گرنگ نییە چەند ئامۆژگاری منداڵەکەت، خوشکەکەت، برایەکەت، قوتابییەکەت دەکەیت، باش بزانە هێندە گرنگ نییە چەندە ئاڕاستەیان دەکەی بە قسەکانت، وا مەزانە شتێکی زۆر جیاواز و تایبەتت کردووە کاتێک زۆر بەسەر سەرییانەوەی، هەڵەکانییان بۆ ڕاست دەکەیەوە، واز لەو شێوازە تەقلیدیە، لاوازە، شکستخواردووە بێنە، تەنها تەڕ زمانی هیچت بۆ سەوز ناکات!
لە کۆتاییدا، دڵنیابە تۆزێک، بەڵکو بڕێکی زۆر کەم لە وتەکانت، قسەکانت، ئامۆژگارییەکانت وەردەگرن!
لە بەرامبەریشدا زۆرێک لە قسە و هەڵس و کەوتەکان و خوڕەوشتییان لە کردارەکانی تۆ وەردەگرن، کردارەکانت کاریگەری جێدەهێڵن، لە کۆتاییدا لەوانەیە زۆربەی قسەکانت هیچ بەهایەکییان نەمێنێ!
زۆر ئاگاداری جوڵەکانت بە، هەستەکانت بە، خوڕەوشتت، ئاگاداری زمانت بە، جوێن و وتەی ناشیرین لە تۆوە فێردەبن، گوفتاری چاک و قسەی شیرینیش بە هەمان شێوە!
دەبێ تەواو لەوە بگەی لە واقیعدا تۆ چۆن بی، ئەوانیش بە دوای تۆدا دێن، ئەوان دەبنە ئەو کەسەی کە تۆ هەی لە واقیعی ژیانتدا، نەوەک ئەو وێنە خەیاڵییە، نمونەییەی بە ئامۆژگارییەکانت وێنات کردووە!
بە کردار لەبەرچاوی هەمووان وێنەیەکی جوانی پەروەردەی قوتابییەکانت، منداڵەکانت، برا و خوشکەکانت بکێشە، بیسەلمێنە وێنەکێشێکی بەرز و جوان و جیاواز و ناوازەی لە پەروەردەکردن، بیسەلمێنە مامۆستای!
ئەگەر خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز و سەرنج ڕاکێش و جیاواز بیت بزانە چۆن کاریگەرییەکی درێژخایەن بەسەر چەندان کەس جێدەهێڵی، چاکییەکانی تۆ بۆ هەمیشە دەگوازرێتەوە بۆ دوای خۆت!
تۆ تەنها لە وتەکانت بەرپرسیار نیت، لە هەموو جوڵەیەک، تەنانەت لە هەموو تێڕامانێکیشت بەرپرسیاری، بە چاوێکی بەرپرسیارانە و بەزەییانە و پەروەردەییانە بڕوانە نەوەی دوای خۆت!
کاروانی پەروەردەیەکی دروست زۆر دوور و درێژە، پڕە لە ئاستەنگ و بەرز و نزمی زۆر، وا مەزانە تۆ لە هەموو شتێک بوویەوە و هەموو نیشانەکانی پەروەردەکارێک بە زیادەوە لە تۆدا هەیە، بشزانە ئەگەر یەک کەسیشت پەروەردە کرد لەسەر ڕێگای ڕاستەشەقام، تۆ نمونەیەکی درەوشاوەی!
بە کردەوەکانت هێز و کاریگەری و مانا ببەخشە بە وتە و ئامۆژگارییەکانت، ئەو ئاسۆیە چەند جوان و سەرنجڕاکێشە کە دەبینی نمونەی پەروەدەکارەکان هێشتا ماون، کار دەکەن، ڕۆح و هەڵسوکەوتە سیس هەڵگەڕاوەکان زیندوو و چالاک دەکەنەوە!

Comments
Post a Comment