دوا قسەی کۆتا کەس لە موسڵمانان کە لە دۆزەخ دێتە دەرەوە:
[يا ربِّ اصرِف وَجهي عَن النار، قد قَشَبَني ريحُها، وٲحرَقَني ذَكاؤُها]
ئەی پەروەردگار، ڕووم وەرگێڕە لە ئاگری دۆزەخ، بەڕاستی بۆن و دوکەڵەکەی لەناویبردم، وە پشکۆو گڕەکەی سوتاندمی.
صحيح البخاري
وشەکانی ئومێد چەند ئارام بەخشن، وشەکانی دوای ڕزگاربوون چەند بە قوڵی ناو هەناوت فێنک دەکەنەوە، بەتایبەت ئەو وشانەی کە بۆ دواجار ڕزگارت دەبێ لە هەموو ناخۆشیەکان، ڕزگاربوونی کۆتایی و هەمیشەییە!
ئەوە هەرگیز بەرزە خەیاڵ نیە، بەشێوازێک باسکراوە کە چەند دڵنیاییت پێدەبەخشێ کە ڕوودەدات، بیربکەوە حاڵی ئەوانە ئاماژە پێکراوە کە بۆ ئێمە داهاتوون، داهاتوویەکی زۆر دوور، چیڕۆکێکی ڕاستەقینە لە نهێنیترینی ناو شاراوەکان پەردەی لەسەر لادەدرێ و دەگێڕدرێتەوە، ڕووداوێک، چیڕۆکێک کە هەموو گومانێک لە ڕوودانی سڕاوەتەوە!
چەند چێژبەخشە، ڕێگایەک بەو هەموو دڵنیاییەوە هەنگاوی بۆ بهاوێژی، ئەمڕۆ هەرچی دەستی بۆ دەبەی لە ڕێگا و ڕێبازەکان لە ناو پشێوی و ئاژاوەی گومانەکان خەریکە دەخنکێی، چەند ناوازەیە دەست بگری بە ڕێگای دڵنیایی، دڵی خۆتی بەتەواوی لەسەر جێگیر بکەی!

Comments
Post a Comment