بێ باکی لە قسەی خەڵک چەندین دەرگای ئاسوودەیی دەکەنەوە بەڕووی عەقڵ و هۆشت، دڵ و دەروونت، چەند بە ڕوونی هەست دەکەیت لە بارودۆخێکی زۆر خۆش و هاوسەنگدا دەژیت، چەند خۆشە کە تەواو قەناعەتت دێت کە هەوڵی سەلامەت بوون لە قسەی خەڵکی، لە تانە و عەیبەی خەڵکی ئامانجێکی بەدەست نەهاتووە!
بۆیە لەمەودوا هەوڵی بۆ نادەی، هێندە بەلاتەوە گرنگ نیە، بیری لێناکەیەوە. چەند خۆشە لەمەودوا کە کاتەکانی خۆت بەلاوە گرنگە، هیچی تر بەبێ نرخی سەرفیان ناکەی، بەفیڕۆیان نادەی، تۆ جارەکی تر ناتەوێ ببیە ناوەندی سەرنجی کەسە بێ نرخەکان. چەند چێژبەخشە لەو کەسانە دوور دەکەویەوە، ئەوانەش دەست نیشان دەکەی کە بۆت گرنگ نین، پەراوێزیان دەخەی، کەشتی ژیانت لە بەندەری ئاسودەیی دەگیرسێتەوە!
ژیان گەشتێکی زۆر کورتە، بە خەمی بیرکردنەوە لە قسەی خەڵک بەسەر مەبە. ئەوەی دەیچێنیت بە باشی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکدا دەیدووریتەوە، بەڵام هەرگیز خۆت سەرقاڵ مەکە هەوڵی سەرسامکردنی خەڵکی بدەیت، ئەستەمە بۆ هەر کەسێک بتوانێت بەردەوام دڵی هەموو خەڵک خۆش بکات و لە ئاست چاوەڕوانی هەموو کەسێکدا بژی، هەروەها هیچ کاتێکیش کارێک ئەنجام مەدە، قسەیەک مەکە تەنها لەبەرئەوەی خەڵک ئەنجامی دەدەن، دەست بۆ سات و سەودایەک مەبە کە نەتبات بۆ لوتکە، لەوێ نیشتەجێت نەکات بۆ هەمیشە!
لەگەڵ ئەو کاروانە بڕۆ کە هەمیشە کەمینەن، نامۆن، لەسەر ئەو خاکە دابنیشە کە لە ڕواڵەت بەس بنەگیا دەبینی بەڵام بۆ داهاتوو دەبنە درەختی بەرز و سێبەربەخش!

Comments
Post a Comment