دەرکەوتن و بەناوبانگبوون و بوون بە سەرکردە لەپێناوی دەرکەوتن لای پێشینە چاکەکان تاقیکردنەوە و بارگرانی بوو، بە هەموو هۆکارەکان خۆیان دەپاراست بەدیارنەکەون، بەناوبانگ نەبن، چونکە دەیانزانی دەردی ڕووپامایی و ڕیابازی ڕیسەکەیان لێدەکاتە خوری، ماندووبوونیان هەموو ئاو دەیبات، ئەو شێوازانەی ئەوانە دەیانگرتە بەر لە شاردنەوەی چاکەکان و خۆشاردنەوە لە خەڵکی و خۆپاراستن لە بەدەرکەوتن بەتەواوی تووشی سەرسوڕمانت دەکات!
لە بەرامبەریشدا لای کەسەکانی ئەو سەردەمە، دەرکەوتن و بەناوبانگبوون و بوون بە سەرکردە بۆتە دەستکەوت وسەرکەوتن، شەڕ و ململانێی لەسەر دەکرێ، شانازی پێودەکرێ، وەکو چرۆی بەهار سەیری دەکەن!
بە درێژایی مێژوو، حەزی دەرکەوتن و بەناوبانگبوون و بوون بە سەرکردە نەخۆشیەکە بە دڵ و دەروونی چاکەکارەکان دا ڕۆیشتووە، بەناو ناخی خێرخوازەکان دا هاتووە، تەنانەت چۆتە ناو ناخی ئەوانەی شەڕ و کوشتاریان لەپێناو خوا کردووە، فلتەرێکی زۆر بەهێز بووە بۆ جیاکردنەوەی پاکەکان لە ڕیابازەکان!
لە بەدەست گەیشتنی پلە بەرزەکان هەموو کەسێک دەبێت پێیدا تێپەڕێ، ئەوانەی خۆیان شاردەوە و خۆیان پاراست لە دەرکەوتن، بە سەلامەتی گەیشتن بە کۆتایی ڕێگاکە، ئەوانەشی کە بە دەرکەوتنەکە خۆشحاڵ بوون و هەوڵیان بۆدا و بە باس و بابەتێکی سادە و ئاساییان وەرگرت، بوونە سوتەمەنی و کەوتنە ناو تەڵەکەوە، گەیشتن بە سەرەنجامێکی پڕ لە شەرمەزاری و پەشیمانی!

Comments
Post a Comment