ئەو شاگوڵ بوو، نەپوکاوە، بۆ ھەمیشە بۆی جێمابوو، سێبەری درەختەکەی، کاتێک شنەبا دەهات چەند جوان و زۆر بەنەرمی گەڵایەکانی دەلەراندەوە!
ئەوە دەنگی ژیان بوو، دەنگی پەیامێک بوو، زۆر کەس نەیبیستبوو، خۆیان نەیاندەویست بیبیستن، بۆنی خۆڵ و ئاو ئەو ناوچەی پرژاندبوو، کاسەی سەرتی پڕ دەکرد لە عەترێکی بۆن نەکراو، لە لوتکەی گەشانەوە دوای مردنیشی بەسەر سەرییەوە بوو!
ھەموو ڕۆژێک لە وەرزی ھاوین لەبەر تینی گەرما کاری دەکرد، بۆ خێزانە دەرامەت مام ناوەندییەکەی، ماڵ و منداڵە هۆشیار و زیندووەکەی، کۆمەڵگەیەکی چەند خنجیلانەبوو لەم شەقامە، لەم گەڕەکە بێنازەدا!
شەوەکانیشی چەند ڕووناک بوو، قوتابخانە شاراوەکەی ئەم دورگەیە بوو؛ جارناجار زۆر بە پەرۆشییەوە چەند پەڕاوێکی دەرسی شەوانەی خستبویە گیرفانییەوە، زۆربەی تێبینییەکانی لێ نوسیبویەوە، ھەر سات و دەرفەتێک ھەبوایە، خێرا زۆر بە تامەزرۆییەوە دەیھێنایە دەرەوە، چەند دێڕێکی لێ دەخوێندەوە، چەندین جار پیا دەهاتەوە!
هەموو پاش عەسرێکیش کە دەگەڕایەوە لە ئیش، پشوویەکی زۆر کورتی دەدا، یەکەم جار ئەو پەیامانەی دەخوێندەوە کە دڵی پڕ دەکەن لە جوانی، ئومێد، خۆڕاگری، پشوودرێژی، ئەوانەی لە برا گەورەکەی بۆی جێمابوو، دوو ساڵ لەمەوبەر، لە بەرەبەیانێکی زۆر زوو دوای نوێژی چێشتەنگاو چیڕۆکی ژیانی کۆتایی هات!
ئەویش ھات تا ئەو ھەنگاوانە تەواو بکات، شوێن پێیەکانی بخاتە شوێن پێی ئەو، هەتاوەکو مێژووی سێبەرە گەورەکەی ژیانی، ڕاستی و هەقیقەتەکان بەبەرچاوی هەمووان دووبارە بکاتەوە!
چ بانگێک بوو گوێی لێبوو، بە دڵ و ھۆشێکی فراوان وەڵامی دایەوە، چەند سەیرە، نامۆییەکی چەند توند و بێ تامە ئەو دەنگە زوڵاڵە زۆر کەس نایبیستێ، ئەو ڕۆشناییە زۆر کەس نایبینێ، هەروەک بڵێی بە ئانقەست خستویتیانە ژێر باڵیانەوە، چ سەردەمێکی سەیر و هەڵخەڵەتێنەرە، چ کوێراییەکە بەسەر چاوەکان ھاتووە!

Comments
Post a Comment