ئەگەر درۆ نەبوایە ڕاستی نرخی نەدەبوو، ئەگەر درۆزن نەبوایە، ڕاستگۆکان ئەوەندە پێشوازییان لێنەدەکرا و ڕێزیان پێنەدەبەخشرا؛ ئەگەر گوناە و تاوان نەبوایە تەوبەکردن هیچ چێژێکی نەدەبوو؛ ئەگەر چەوتی نەبوایە کەس بەشوێن ڕێک و ڕاستیدا نەدەگەڕا؛ ئەگەر باتڵ نەبوایە کەس حەقی نەدەویست؛ ئەگەر شیرک نەبوایە کەس لە مانای تەوحید تێنەدەگیشت؛ ئەگەر هەژاری نەبوایە کەس بەشوێن دەوڵەمەندیدا نەدەگەڕا، زۆرێک لە ململانێکان نەدەمان؛ ئەگەر نەزانی نەبوایە کەس بەشوێن زانستدا نەدەگەڕا، ئەگەر نەزان نەبووایە، زانا ئەوەندە قەدرەی لێنەدەگیرا؛ ئەگەر ستەم نەبوایە کەس بەشوێن دادپەروەریدا نەدەگەڕا؛ ئەگەر بەڵا و نەهامەتی نەبوایە کەس بەهای ئەمن و ئاسایشی نەدەزانی؛ ئەگەر نەخۆشی نەبوایە کەس پێگەی لەشساغی نەدەزانی، کەس نەیدەزانی شیفا مانای چیە؛ ئەگەر ماندووبوون نەبوایە، پشوو ئەوەندە چێژبەخش نەدەبوو؛ ئەگەر بێئاگایی نەبووایە، هۆشیاری ئەوەندە بەنرخ نەدەبوو؛ ئەگەر نزمی نەبوایە بەرز و شکۆداری هیچ واتایەکی نەدەبوو، ئەگەر بەدبەختی نەبوایە بەختەوەری زۆر بێ واتا دەردەچوو!
لەو دونیایە هەموو شتێک بە دژ و پێچەوانەکەی مانا و بەهای پێبەخشراوە، بوونی دژ و پێچەوانەکان مانای زۆر جوانی بە ژیان بەخشیوە، دونیای لە بێ واتایی ڕزگارکردووە، چەند سەرنجڕاکێشە وا دەکات بگەڕێی، ماندوو بی، هەوڵ بدەی، ژینگەیەکی یەکجار ناوازەی دروست کردووە بۆ تاقیکردنەوە، بۆ ئەوەی دەرەنجام پێناسەی ژیان بریتی بێت لە تاقیکردنەوە، چەند جوانە دەبێت هەموو کەسێک بەگوێرەی کۆشش و ماندووبوون و دڵسۆزییەکەی پاداشت بکرێت، ئەوانەی بێباکن بکەونە ناو داوی سزاکان و بێبەش بکرێن، ئەوانەشی پێداگر و خۆڕاگرن، لە چڵەپۆپە بگیرسێنەوە!

Comments
Post a Comment