سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی نەقشیان کێشا لە دڵمان، شوێن پەنجەیان هەبوو لە چیڕۆکی ژیانمان، جێ پێیەکی موبارەکیان دوای خۆیان جێهێشت، ئاشنابووین پێیان، ئێمەیان خستە سەر ڕێگاکە، ئاسودەییان هێنا بۆ باخچەی ڕۆژەکانمان!
سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی گەڵای پایزی تەمەنمانیان سەوز کردەوە، سارد و سڕی ماڵەکانمانیان بە ڕووی خۆش گەشاندەوە، لە شوێن هەر خەمێک، لقە دارێکی ڕووخۆشیان چاند، ئاویان دا تا گەورەبوون بوونە سێبەر بەخش، ئاسودەساز، لە ساتی شیرەخۆری سێبەریان بۆ کردین، لە خەوە قووڵەکان ئێمەیان هەژاند!
سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی دەستیان گرتین لە شەوەزەنگێکی باراناویدا، چرای ژیانیان بۆ داگیرساندین، ڕێگای ماڵیان پێ نیشانداینەوە، پێیانبەخشین ئەو کاتەی هێز و وزەکانمان لە تەواوبوون بوون، کاتێک مناڵبووین لە بارودۆخی زۆر هەژاری و نەداریدا جل و بەرگی کۆنەیان بۆ کۆکردینەوە، دایانپۆشتین، لێفەیەکیان پێداداین کاتێک لە سەرمادا خەریک بوو ڕەق ببینەوە!
سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی پیتەکانیان فێرکردین، وشەکان بخوێنینەوە، پەیامەکان تێبگەین، بەرگەی ئازارەکان بگرین، ئارامی جوانتر نیشان بدەین بەرامبەر بەڵا و ناخۆشیەکان، ڕەنگی سپی و ڕەشیان بۆ جیاکردینەوە، لەتە خواردنێکیان بۆ هێناین تا نەکەوین لە برسان، قومە ئاوێکیان پێبەخشین تا وشک نەبینەوە لە تێنوێتی!
سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لەسەردەمی مناڵی دیاریان پێداین لە جەژن، لە ساتە ناخۆشەکان دڵیان داینەوە، لە کاتی نەخۆشی ئێمەیان برد بۆ لای دکتۆر، دەرمانیان بۆ کڕین، لە کاتە خۆشەکان بەشدار بوون، ئەوانیش ئامادەبوون لەگەڵ ئێمە پێکەنین، نان و شیرینیان خوارد، لە گۆشەنیگای مەندی و سەرقاڵی بێهودەیی ئێمەیان لە خەو هەڵساند، لە جیهانی بێ واتایی ژیان تێیانگەیاندین، لە هێڵی مێگەلیبوون دایانبڕاندین، ناوی ئێمەیان دووبارە نوسیەوە!
سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی کە ئێمەیان خستە سەر شانۆی ژیان، متمانەیان پێبەخشین، هەموو ڕۆژێک سڵاویان لێکردین، خەونیان پێداین، هیوایان بۆ خواستین، لە بەر دەرگای ڕەشبینی دەریان کردین، داوای لێخۆشبوونیان بۆ کردین، لە نۆبەرەی ئازارەکان ورەیان پێداین، لە دونیای چەقە و گوڕەدا فێری بێدەنگیان کردین، لە جیاتی ئێمەش لە دەروازەی بەختەوەری هەموو کوچە و کۆڵانەکان گوڵەگەنمێکیان چاند!

Comments
Post a Comment