کاتێک لە نێو جەرگەی ڕووکەشی و دونیا ویستیدا، لەنێو سەرگەمی دونیاگەرایی و سەرقاڵبوون بە پووچگەرایی، زۆربەی خەڵک بە جەهالەتە کۆن و نوێیەکان گەمارۆدراوە، تۆش لەو ساتەدا سەرمەشقێک بەدی دەکەی، لە نێو ئەو هەموو قەرەباڵغیە تەنها تۆ دەیبینی، تەنها مامۆستای تۆیە، کاتێک لە پەنای پەڵە هەوری ڕەش و تاریکیدا، گزنگێکی جوانی خۆر لە دوورەوە سەر دەردەهێنێ، موژدەی بارانێکی بەپیت و بروسکە و هەورەگرمەی ئومێدە بۆ خاکە بێناز و تێنووەکەت، کاتێک لە ژێر حەشاری دڕک و داڵدا، خونچەیەک خەریکە دەپشکوێ و بەڕووتدا دەکرێتەوە!
چ خەونێکە پێی ئاشنابووی، چ مانایەکە درکت پێ کردووە، چ جوانییەکە بینایی ڕۆشن کردووی، دوای خامۆشبوون دووبارە دایگیرساندییەوە، تۆی گەشاندەوە، هیوا هێن بوو لە ناو تارمایی نائومێدی و بێ ئامانجی!
ئەو تەنانەت لە خەونەکانیشدا هەر مامۆستا بوو، چەند جوان بوو کاتێک قوتابیەکەی بینی کە هاتە ژوورەوە، بە کەژایەوەک ڕێزەوە هەڵسایەوە سەر پێ، بێ ئەوەی سەیری بکات، چۆن بە ئاماژەیەک، بە سەرنجێک، وانەی شەرم و حەیای پێدا، بە تاکە جوڵەیەک هۆشیاری پێ خەڵات کرد، ئاوێکی کرد بە هزری خەوتووی دا؛ داوای جوانی، بەرزی، ئەدەب، داپۆشراوی لێ کرد، ئەویش هێندە تینووی وانەی بەرزی و جوانی خوڕەوشت بوو، هێندە تامەزرۆی ئامۆژگارییەکانی بوو، یەکسەر بێ دواکەوتن وەڵامی دایەوە، گوێڕایەڵ بوو، شوێن پێی مامۆستاکەی کەوت، هەر لەو چرکەیەدا هەستی کرد کەوتۆتە کەناری ئارامی و هێمنی، هەر لەو ساتەشدا زانی لە ژێر نەشتەری ئامۆژگارییەکانی مامۆستا چەند پارێزراوە!
چەند جوانە لە سەردەمی ئاوەڵایی و بەربڵاوی ڕیابازی، مامۆستا بتپارێزێ، ئاگای لێت بێ، ڕێنماییت بکات، با تەنها لەو ساتانە خۆشڕوو و ڕووگەش بی تەنانەت ئەگەر هەموو شتەکان زۆر خراپ بن، بەڵام تۆ ڕێگاکەت وون نەکردووە، سەیری ئەولا و ئەولا ناکەی، بە دڵنیاییەکی زۆرەوە بەرەو پێش دەڕۆی، توانای ئاوڕدانەوەت بۆ دواوە لە دەست داوە، ڕاوچییەکانیش بە خەمێکی زۆر قووڵەوە کەوتونەتە سەر ئەژنۆ!

Comments
Post a Comment