کاتێک نهێنیەک لە نێوان خۆت و کەسێک هەیە، چەند بە لاتەوە گرنگە نایدرکێنی، ئەو نهێنیەت چەند خۆش دەوێ، کە کەس نازانێ تەنها خۆت و ئەو کەسە نەبێ، چۆن هەموو هۆکارێک بەکاردەهێنی بۆ ئەوەی بە نهێنی بمێنێتەوە بۆ هەمیشە، بە پێچەوانەوە چەند پێت ناخۆشە هیچ کەسێک بزانێ، ئەوە نیشانەی دەروون دروستی و ساغی عەقڵ و پێگەیشتوو و تێگەیشتنی هەر کەسێکە کە بتوانێ نهێنی پارێز بێ، هەرگیز ناتوانی بەرز بێ، تا توانای پاراستنی نهێنیت نەبێ!
تێڕامێنە، ڕۆژانە و شەوانە بیر لە کارێک بکەوە، بیکە نهێنی نێوان خۆت و خوای گەورە، با کەس نەزانێ، لە هەموو کەسێکی بشارەوە، لە زۆر نزیکەکانی خۆشت، ئینجا وەکو ئومێدێک لە دڵی خۆت هەڵگرە، بڵێ: خوایە ئەوە تەنها لە نێوان من و تۆدایە، ئەوە تەنها بۆ تۆیە، بۆ ئەوەی لە دوای زیندووبوونەوە کە پێی گەیشتیەوە، بلێی: ئەوە تەنها بۆ تۆم کردبوو، بە فەزڵ و دەوڵەمەندی خۆت پاداشتم بکە؛ ئینجا بیربکەوە، پاش تێپەڕبوونی ماوەیەک، بزانە چ دڵخۆشی و ئاسودەییەک دێتە ناو ژیان و بیرکردنەوەت، چۆن هەموو شتێک تام و چێژی بۆ دەگەڕێتەوە!
پاشان بەراوردی بکە بە ئەوانەی چاکەی خۆیان نیشانی خەڵکی دەدەن و بە دونیا بڵاوی دەکەنەوە، وا نیشان دەدەن کە دڵخۆش و ئاسوودەن، ئینجا تەواو دڵنیا دەبیەوە کە ئەوانە هیچ لە مانای ئاسوودەیی و دڵخۆشبوون تێنەگەیشتوون!
دڵخۆشیە چاوەڕواننەکراوەکان بەدەست بهێنە بە شاردنەوەی چاکەکانت، بە بڵاونەکردنەوەی، تا دڵخۆشیە ڕوون و ئاشکراکان لە دڵتدا بدرەوشێنەوە؛ تۆوەکی چەند جوانە ئێستا خەریکی چاندنی، تۆزەک لە گاڵتەکردن و بەسەربردن و بەفیڕۆدانی کاتەکانت دووربکەوە، دەست بدە کارێکی نهێنی بەردەوام، بە جدیەکی زۆرەوە بە تامەزرۆییەوە ئەنجامی بدە، بەڵکو خوای گەورە ڕزگاربوونی هەمیشەیی لە نێوچەوانت بنوسێ!
بەسە چیتر کات مەکوژە، تەنها کاری چاکەی نهێنی ڕازاوەیی بە دڵت دەبەخشێ، ئەدەب و ڕێز دەدات بە هەلسوکەوتەکانت، سام و هەیبەت بە کەسایەتیت، بەس پێم ناڵێی لە ناو دونیای سەرمایەداری و پوچگەراییدا ئەو هەموو گومان و ڕاڕایی و بەدواداگەڕانەت لە چیە، هێشتا بەدوای چیدا دەگەرێی، چاوەڕێی چی دەکەی؟!

Comments
Post a Comment