چ بارودۆخێکی سەختە کاتێک ئەو خەونانەی بۆی هەوڵ دەدەی، کۆششی بۆ دەکەی، هەموو هێز و وزەی خۆت تیا بەکاردەهێنی، بە شەو و ڕۆژ، بە سەرما و گەرما، بە نەخۆشی و لەشساغی، لە کۆتاییدا هیچی بنچە گیایەکی لێ شین نابێ، گەڵایەکی سەوزی لێ زیاد نابێ، هێندەی باڵە مێشولەیەک بۆت نابن بە سێبەر، چەند هەست بە تەنیایی و نامۆبوون دەکەی، لەو ژاوە ژاوە و قەرەباڵغییەی ژیان هەست دەکەی بەتەنیا ماویەوە، کەس ئاگای لە حاڵت نیە، دوژمنەکانت لە ڕووتدا وەستاون، هیچ پاسەوانێکی دڵسۆز بە دەورتەوە نەماوە!
چەند چاوەڕوان نەکراوە کاتێک هەموو هاوکێشەکان دەگۆڕێن، تۆش وەک بەفر سارد دەبیەوە بۆ ئەو شتانەی ڕۆژانێک بۆیان دەسوتای!
لەو بارودۆخە ناخۆشە، کاتێک هەموو شتێک دەگاتە ئەوپەڕی خراپی، ڕاوەستاویت زۆر لاواز دەبێ، چیڕی و گیڕیت نامینێ، دەرگاکان هەمووی بەڕووتدا دادەخرێن، هیچ تروسکاییەک بەدی ناکەی، چەند ئارامی هێنە، هێمنی بەخشە، کاتێکە لە باخچەی ژیانت، دەست دەکەی بە کۆکردنەوەی چیلکەی ئومێد، داری هیوا دەچێنی، مەشخەڵی هیوای ڕزگاربوون لە دڵتدا دادەگیرسێ!

Comments
Post a Comment