(رَبِّ اجْعَلْنِي مُقِيمَ الصَّلَاةِ وَمِن ذُرِّيَّتِي)
پهروهردگارا، خۆم و نهوهکانم بگێڕه لهو کهسانهی که ئهنجامدهری نوێژ بین بهچاکی.
سورة إبراهيم (٤٠)
ئەگەر پلە و پایەت هەرچەندە بەرزە، ئەگەر تەمەنت هەرچەندە گەورەیە، ئەگەر زانستەکەت هەرچەندە فراوانە، ئەوا مەترسی ئەوەت لەسەرە واز لە نوێژەکانت بێنی، ئەگەر هەرچەندە لە پەروەردەکردنی منداڵەکەت هەموو ڕێ و شوێنێکت گرتۆتە بەر لە پەیڕەوکردنی باشترین ڕێگاکان، منداڵەکەت مەترسی ئەوەی لەسەرە واز لە نوێژکردن بهێنی.
ئەوە پێغەمبەر ئیبراهیمە (عليه صلاة والسلام) کە گەیشتۆتە پلەی (خلیل) کە پلەیەکی زۆر بەرزی خۆشەویستیە لای خوای گەورە، تەمەنی بۆتە نزیکەی سەد ساڵ، ترسی ئەوەی هەیە واز لە نوێژەکانی بێنی، هەرچەندە لە پەروەردەکردنی منداڵ هاو وێنەی زۆر دەگمەن بووە، هێشتا ترسی ئەوەی هەبووە منداڵەکانی واز لە نوێژ بهێنن.
ئەگەر تۆش یەکێکی لەوانەی ترسی لەدەستدانی نوێژەکانت هەیە بۆ خۆت و منداڵەکەت، بە دوعا و پاڕانەوەکانت هاواری ئاسمان دەکەیت، داوای بەردەوامی دەکەی، بزانە شوێن پێی پێغەمبەران کەوتووی، پێیەکانت خستۆتە شوێن پێی ئەوان، بزانە گەیشتووی بەوەی دەبێ پێی بگەی، بزانە بەدوای ئەو شتانە کەوتووی کە دەمێنن بۆ هەمیشە، دەستت گرتووە بە لەناونەچووەکان.
بیربکەوە، وردبەوە، لە پەیامە زۆر قووڵەکانی قورئان، تا بەرزترین ئاست ترست هەبێ، پەنا ببە بەر دوعا، ئەنجام دانی نوێژەکان پێویستی بە هێزێکی هیدایەتی ئاسمان هەیە، کە بخرێتە دڵتەوە، جێگیری بکات، جێگیریەکی هاوشێوەی شاخەکان، تا بەردەوام بە خۆشەویستی و ترسەوە، سوژدە ببەی، نوێژ ئەنجام بدەی.
تاکە شتێک دوای تەوحید، دەبێت مەترسی لەدەستدانت هەبێ، مەترسی ئەنجامنەدانی نوێژەکانە، تاکە شتێک دەبێ داوا بکرێ بە دوعای زۆر تایبەت، ئەنجامدانی نوێژەکانە، تاکە شتێک کە دەبێ داوای بکەی بۆ نەوە و مندالەکانت، بەردەوام بوونە لە نوێژەکان!
ئەگەر تۆش کەسێکی نوێژخوێنی، بە ورد و درشتی نوێژەکانت دابڕۆوە، کەمتەرخەمیەکانت چاک بکەوە بە زانست و بەرچاو ڕۆشنیەوە، چەندە ڕۆشنایی بەخشە کە تەواو دڵنیا دەبیەوە لە پلە و پایە و بەها و پاداشتی نوێژ کە هەموو سنورەکانی بەرزی و جوانی و گەورەیی بڕیوە!

Comments
Post a Comment