Skip to main content

ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو!


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، بخەوە تا جوتیارە بە وەفاکە دێت، سەردانت دەکات، تۆ دەبیە میوانی ئەو، ئەویش دەبێتە میوانی تۆ.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، سەرت کزبکە با دەم و چاوی زۆردارەکان نەبینی، ئەوانیش نزیک نەبنەوە لێت، دەست نەدەن لە بەرهەمی یەک ساڵەت.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، ئارامبگرە هێشتا زیاتر، زۆر زیاتر پشوو بدە، گومانت نەبێ تینی تیشکی خۆر ناتوستێنێ.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، بمێنەوە لە شوێنی خۆت، سروشت جوانتر بکە، ژینگەی ئەو ناوچەیە بکە بە هیوا، قات و قوڕی بخنکێنە.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، بە با و بۆڕان نەکەویە خوارەوە، لەسەر بنجی خۆت بمێنەوە تا ئەو کاتەی خاوەنەکەت سەردانت دەکات، لەگەڵ خۆی دەتباتەوە ماڵی خۆی.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، هەموو ڕۆژێک سڵاوت لێدەکەم، کە بە ڕوویەکی خۆش بەسەر ڕێگاکان زەنگی موژدە و هیوا بەبێ دەنگی دەچرپێنی بۆ نوستوو و بێ ئاگاکان.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، هیوای برسیەکان، با چاوبرسی و چاوچنۆکەکان ڕووی بەخشندەیی تۆ نەبینن، سکی منداڵە برسیەکان تێر بکە، چاوەکانیان گەش بکەوە بە ڕووخسارە جوانەکەت.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، تۆ چ تاسانێکی بۆ بەخشندەکان، کاتێک یەک دەنکی، دەبی بە سەدان گوڵە گەنم.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، مامۆستای هەمووان، هەموو ساڵێک بگەڕێوە، سیمای جوانی خۆتمان نیشان بدەوە، وانەکانمان دووبارە فێربکەوە، بیرمان بخەوە.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، هەروا بە ڕیز بوەستە لەگەڵ هاوسێکانت، لە کۆمەڵی خۆت جیامەبەوە، هێزی زیاترمان نیشان بدە، فێری جێگیری و ئارامی و بەخشندەیی زیاترمان بکە.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، بە کزە بایەکان چەند جوان بەلایەکدا ڕووی خۆت وەردەگێڕی، بەڵام هەرگیزی ناکەوی. 


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، مەهێڵە کەس نزیک بێتەوە بۆ ناو ماڵت، بە قاچەکانیان پانت بکەنەوە، با کەس نەتخاتە ژێر پێ و بن پێی خۆی، تۆ هەر سەربەرز و پایەدار و ڕوو لە گەشە بە.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، تخوا وەرە خەونمەوە هەموو شەوێک، با لەسەر ڕێگای شوێنی کارەکەشم هەردەم تۆ بەبەرچاومەوە بی، هەموو ڕۆژێک بتبینم.


ئەی گوڵە گەنمی وشکەوەبوو، چەند جوان خۆت داپۆشیوە، وانەکانی داپۆشراویمان فێربکەوە، با شەرم و حەیامان بگاتە لوتکە، تۆش هەمیشە مامۆستامان بە.

Comments

Popular posts from this blog

هێز و کاریگەری كردار دەنگی به‌رزتره‌ له‌ هێز و کاریگەری وشه‌!

گرنگ نییە چەند ئامۆژگاری منداڵەکەت، خوشکەکەت، برایەکەت، قوتابییەکەت دەکەیت، باش بزانە هێندە گرنگ نییە چەندە ئاڕاستەیان دەکەی بە قسەکانت، وا مەزانە شتێکی زۆر جیاواز و تایبەتت کردووە کاتێک زۆر بەسەر سەرییانەوەی، هەڵەکانییان بۆ ڕاست دەکەیەوە، واز لەو شێوازە تەقلیدیە، لاوازە، شکستخواردووە بێنە، تەنها تەڕ زمانی هیچت بۆ سەوز ناکات! لە کۆتاییدا، دڵنیابە تۆزێک، بەڵکو بڕێکی زۆر کەم لە وتەکانت، قسەکانت، ئامۆژگارییەکانت وەردەگرن! لە بەرامبەریشدا زۆرێک لە قسە و هەڵس و کەوتەکان و خوڕەوشتییان لە کردارەکانی تۆ وەردەگرن، کردارەکانت کاریگەری جێدەهێڵن، لە کۆتاییدا لەوانەیە زۆربەی قسەکانت هیچ بەهایەکییان نەمێنێ! زۆر ئاگاداری جوڵەکانت بە، هەستەکانت بە، خوڕەوشتت، ئاگاداری زمانت بە، جوێن و وتەی ناشیرین لە تۆوە فێردەبن، گوفتاری چاک و قسەی شیرینیش بە هەمان شێوە! دەبێ تەواو لەوە بگەی لە واقیعدا تۆ چۆن بی، ئەوانیش بە دوای تۆدا دێن، ئەوان دەبنە ئەو کەسەی کە تۆ هەی لە واقیعی ژیانتدا، نەوەک ئەو وێنە خەیاڵییە، نمونەییەی بە ئامۆژگارییەکانت وێنات کردووە! بە کردار لەبەرچاوی هەمووان وێنەیەکی جوانی پەروەردەی قوتابییەکان...

هێز و کاریگەری وشە!

چەند جار یەک وشە بەرزی و گەورەییەکەی باشتر و زیاتر بووە لە کۆشکی پاشاکان! چەند جار یەک وشە ئاگری فیتنەیەکی گەورەی کوژاندۆتەوە! چەند جار یەک وشە دڵێکی برینداری ساڕێژکردووە! چەند جار یەک وشە ئاڕاستەی ژیانی کەسێکی گۆڕیوە بۆ ناوازەیی! چەند جار یەک وشە دڵی کەسێکی شکاوی چاک کردۆتەوە! چەند جار یەک وشە بڵێسەیەکی گەورەی لە ورەی کەسێک دروست کردووە! چەند جار یەک وشە کەسێکی خەوتووی خەبەرکردۆتەوە! چەند جار یەک وشە بوڕکانی هاندانی لە کەسێک تەقاندۆتەوە! چەند جار یەک وشە جوانترین پەیوەندی درێژخایەنی دروست کردووە! چەند جار یەک وشە هیوای لە دڵی کەسێک بوژاندۆتەوە! چەند جار یەک وشە بۆتە کانیاوی ئاسودەیی بۆ کەسێک! چەند جار یەک وشە ئازارێکی گەورەی لە دڵی کەسێک لابردووە! چەند جار یەک وشە بۆتە سەرچاوەیەکی وزە بەخش بۆ دەیان ساڵ!  چەند جار یەک وشە گۆڕەپانێکی گەورەی زانستی بۆ کەسێک کردۆتەوە! چەند جار یەک وشە بۆتە کلیلی تێگەیشتن لە باسی زۆر گەورە و گرنگ لە ژیان! چەند جار یەک وشە بۆتە ئاوابوونی خۆری تەڵەکەبازەکان! چەند جار یەک وشە زۆر باشتر بووە لە سامانی هەموو دونیا! چەند جار یەک وشە ڕۆشنایی بەخشیوە بە چاوەکا...

زۆرانێک تەنانەت ناتوانن خەونیشی پێوە ببینن!

زۆر کەس لە نامۆبوونی ناو کۆمەڵگەکەی دەترسێ، حیسابی زۆری بۆ دەکات، لە زۆرێک لە بنەما ڕەسەنەکان دوور دەکەوێتەوە، خۆی دەگونجێنێ، بۆ ئەوەی قبوڵکراو بێ، بە ڕووخسارێکی گەرم و گوڕ پێشوازی لێبکەن، بێ ئاگا لەوەی ئەو نامۆبوونە چ وەهمێکی بێ بایەخە و پڕە لە نزمی و بچوک بوونەوە! هیچ نامۆبونێک ئەوەندە سەخت نیە کە دوور دەکەویەوە لەو  فیتڕەت و بنەڕەتەی کە لەسەری دروست بووی، وەکو ئەوە وایە زۆر ئاشنای بە دەورووبەرت و لێیان نزیک کەوتیتیەوە، بەڵام لە خۆت دوورکەوتیەوە و نامۆی بەرامبەر خۆت، هیچ ماڵ و سامان و ناوبانگییەک ناتوانێ ئەو نامۆبوونە بسڕێتەوە، ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە! دەیەها ساڵ و تەواوی تەمەنیشت سەرف بکەی، هیچ بیرکردنەوە و کارێک ناتوانن ئەو نامۆبوونەت لەسەر لاببەن، تەنها یەک رێگا چارە هەیە، دەبێ بگەڕێیەوە ئەو بنەچەی لەسەری دروستکراوی! ئەو نامۆبوونە چەند چێژبەخشە کە لە لوتکەی دڵنیاییدای، لەسەر شەپۆڵی ڕۆشنایی دەچیتە پێشەوە، هەرچەندە هەنگاوی بچوک دەنێی، بەبەرچاوی خۆت ئەو چۆل بوونەی دەورووبەرت هێز و پاکی و جوانین بۆت، سەنگایین، بەرزین، پڕن لە شانازی!  درک کردن بەو نهێنیانەی ژیان، پەروەردەبوون لە...